هەولێر، هەرێمی کوردستان، عیراق - کردنەوەی دەیەم پیشانگای نێودەوڵەتی هەولێر لە 9ی دیسەمبەر/کانونی یەکەم، بە بەشداری 250 کۆمپانیا لە 16 وڵاتەوە، بە وتەی بەرپرس وچاودێرانی بازرگانی وئابووری، بووە تەحەدایەکی گەورە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان هەرێمی کوردستان ووەبەرهێنەرانی بیانی ودەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی وسەلماندنی گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان لەم بارودۆخە سیاسی وئەمنییەی هەرێم پێی تێپەڕدەبێت.

دوابەدوای ئەو قەیرانە داراییەی بەسەر هەرێمی کوردستانەوە لەلایەن حکومەتی پێشووی بەغداوە سەپێندرابوو، هەروەها بەهۆی هەڕەشەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چالاکیە بازرگانی وئابووریەکان سستی وهەندێک کەرت شێوەیەک لە وەستانیان بەخۆیانەوە بینی.

ساماڵ سەردار، وەزیری بازرگانی وپیشەسازی هەرێمی کوردستان، لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گرنگی کردنەوەی خودی پیشانگاکە لەو کاتە هەستیارەدا ئەوەی خستەروو کە " لەوانەیە بەشداریکردنی وڵات وکۆمپانیاکان لە پیشانگای هەولێری نێونەتەویی ئەم ساڵدا وەکو ساڵانی رابردوو نەبێت، بەڵام کردنەوەی خودی پیشانگاکە دەیسەلمێنێت کە هەرێمی کوردستان لەگەشەکردنی ئابووری وجموجۆڵی بازرگانی نەوەستاوە وبارودۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش بۆ کاروباری بازرگانی زۆر لەبارە".

وەزیری بازرگانی بەباشی زانی لەقۆناغی ئایندەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی چالاکتر کار بۆ سەرنجڕاکێشانی کۆمپانیای بیانی بکات بۆ هەرێم ودووپاتیکردەوە ئێستا بارودۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغێکی باشتر دەچێت.

گەیشتنی هەردوو حکومەتی بەغدا وهەولێر بەڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، بووە هۆی دەستپێکردنەوەی چالاکی ئابووری وبازرگانی لە هەرێم وبازاڕ بوژانەوەیەکی بەخۆیەوە بینی.

عەبدوڵلا ئەحمەد عەبدولڕەحیم، سەرپەرشتیاری پیشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، لەلێدوانێکی تایبەت بەماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی رایگەیاند، "گرێدانی ئەم پیشانگایە بەو بارودۆخەی ئێستادا وبەتایبەتی دوای هەولێر وبەغدا گەیشتن بەڕێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، بۆ هەموو لایەکی دەسەلمێنێت کوردستان دەتوانێت پێگەی ئابووری خۆی بپارێزێت ونەکەوێتە بەر کاریگەری هیچ قەیرانێک".

عەبدوڵلا ئەحمەد عەبدولڕەحیم ئاماژەی بەوەدا، "لەماوەی دە ساڵی رابردوودا، پیشانگای هەولێر توانیویەتی ئەو متمانەیە دروستبکاک وحکومەتیش رۆڵی لە پێشخستنی هەبووە بەشێوەیەک کە ئێستا رووبەری هۆڵە داخراوەکانی پیشانگا 17000 مەتری دووجایە ورووبەری گۆڕەپانەکان نزیکەی 25000 مەتری دووجایە، وتائێستاش لەو ماوەیەدا زیاتر لە 60 پیشانگای تایبەتمەند ئەنجامدراون لەچەندین بواری گرنگ وپێویست کە کاریگەری بەسەر ژیانی هاوڵاتیاندا هەبووە".

نوێنەر وسەرپەرشتیارانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لەهەرێمی کوردستان، ئاماژەیان بەوەدا قەیرانی دارایی وهەڕەشەی تیرۆریستان، کاریگەری بەسەر هەبوونی لاوازی لەچالاکیەکانیاندا هەبوو وتا رادەیەکیش پلانە تازەکانیانی وەستاند، بەڵام ئەو وەستانە یەکجارەکی نەبوو بەبەڵگەی هەبوونی چەندین نمایشی کۆمپانیای گەورەی جیهانی بۆ کاڵا وبەرهەمەکانیان لەهەرێمی کوردستان.

سامان بریفکانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی کۆمپانیای "ماجیک ئارت" بۆ پەخش ونمایشی میدیایی، بەسایتی حکومەتی هەرێمی راگەیاند، "لەگەڵ هەبوونی شێوەیەک لە دوو دڵی لەلایەن بەشێک لەکۆمپانیاکانەوە، لەماوەی رابردوودا چەندین کۆمپانیا ومارکەی گەورە لەهەرێمی کوردستان وبەتایبەتیش لەهەولێر نمایشی گەورەیان ئەنجامداوە، بەتایبەتی کۆمپانیاکانی لاندرۆڤەر ورێنجرۆڤەر وبی ئێم دەبڵیوو کە تازەترین بەرهەمی خۆیان خستە بەردەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان. هەروەها چەندین مارکەی جیهانیش لە وڵاتانی فەرەنسا وئەمەریکا وبەریتانیاش لەبازاڕ ومۆڵەکانی هەولێردا لقی خۆیان کردەوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا "ئێستا بەتایبەتی دوای رێککەوتن بۆچارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر وبەغدا متمانەکە زیاتر بوو وبێگومان چالاکیەکانیش زیاتر دەبن".

لەچوارچێوەی چالاکیەکانی پیشانگاشدا، کونسوڵگەری گشتی کۆماری چیک لەهەرێمی کوردستان بەیاوەری شاندێکی وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی چیک، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەدەزگاکانی راگەیاندن ئەنجامدا بۆ باسکردنی چالاکیەکانیان لەهەرێمی کوردستان.

جیرۆسلاڤ رایف، کونسوڵی گشتی چیک لەهەرێمی کوردستان، لەلێدوانێکدا بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، " کۆمپانیاکانی وڵاتەکەمان بەهاوبەشی لەگەڵ بانکی چیک چەندین چالاکی گەورەی لەهەرێمی کوردستان ئەنجامداوە بەتایبەتی لەبواری کارەبا. بەئەنجامدانی ئەم چالاکیەش ئێمە دەمانەوێ بازاڕی وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستان بە وەبەرهێنەرانی ووڵاتی خۆمان وئەورووپاش بناسێنین وباس لەبارودۆخی ئەم هەرێمە بکەین ولەلایەکی دیکەشەوە پاڵپشتی خۆمان بۆ چالاکیەکانی وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستان دووپات بکەینەوە".

کۆماری چیک، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بوونێکی کاریگەری لەبازاڕی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستاندا هەیە وهەمیشە پاڵپشتی چالاکی وەبەرهێنانیان لەهەرێمی کوردستاندا کردووە.

لوبنانیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە لەگەڵ هەبوونی کێشەکانی ماوەی رابردوودا، کار وچالاکیەکانی وەبەرهێنانی نەوەستاند وهەمیشە پشتگیری خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتدەکردەوە.

جاک سەراف سەرۆکی گرووپی مالیای لوبنانی کە ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان لەچەندین کەرتدا کاردەکات بەتایبەتی لەکەرتی گەشتوگوزار، لەلێدوانێکی تایبەت بەماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتیکردەوە "کەرتی تایبەتی لوبنان زۆر بەگرنگیەوە سەیری کوردستان دەکات وچالاکیەکانی خۆی لەهەرێمی کوردستان رانەگرت".

سەراف رایگەیاند، "گروپەکەی کە هەناردەکاری سەرەکی لوبنانیە بۆ هەرێم هەوڵی ئەوە دەدات بەدیلێک بۆ هێنانی کاڵاکانیان بۆ هەرێم بدۆزنەوە بەتایبەتی لەڕێگەی ئاسمانیەوە، بەهۆی کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری سنوری نێوان سوریا ولوبنان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە."

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "لوبنان زیاتر لەبواری بانکی وئاوەدانکردنەوە وگەشتوگوزارەوە رۆڵیان لە پێشخستنی بواری وەبەرهێنان هەیە لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش جگە لە بوارەکانی پەروەردە وخوێندنی باڵا".

هەر لە چوارچێوەی گەڕانەوەی چالاکی ئابووری وبەمەبەستی نزیککردنەوە وپەرەپێدانی ئالیکاری نێوان کۆمپانیاکانی بریتانی وهەرێم، گروپی بزنسی بریتانی – کوردستان، ئێوارەی 10ی دیسەمبەر/کانونی یەکەم، راگەیەندرا.

لە رێورەسمی راگەیاندنی گروپەکە، باڵیۆزی بریتانیا لە بەغدا، فرانک بەیکەر، جەختی کردە سەر گرنگی سەقامگیری وژینگەیەکی دروست بۆ ئەنجامدانی چالاکی ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان.

هەر لە رێورەسمەکەدا، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، سەفین دزەیی، ئاماژەی بەوەدا کە، هەروەک لە رابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە بازاری ئازاد وئاسانکردنی هەلومەرجی وەبەرهێنانی بیانی دەکات.

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی